هەوڵەکانی شارەوانی بۆ کۆ کردنەوە و نەزۆک کردنی سەگەکانی ناوشار بە کوێ گەیشتووە؟
لە کۆبوونەوەیێکدا کە شارەوانی بانە ڕۆژی پێنج شەممە, ۱۲ی ڕەشەمەی ۱۴۰۰ پێکی هێنا, باسێکی چڕ و پڕ کرا لەسەر کۆکردنەوە و نەزۆک کردنی سەگە بێ خاوەنەکانی ناوشار.
لەو کۆبوونەوەدا کە ڕێکخراوەی پاژین، دایرەی تەندرووستی، دایرەی سەرچاوە سرووشتیەکان، دایرەی ژینگە، شۆڕا و چەن بەرپرسی شارەوانی بانە تێیدا بەشدار بوون، باس لەوە کرا کە بە زووترین کات ئەو پرسە چارەسەر بکرێت کە چیدی شارۆمەندان و ئاژەڵەکانیش مەترسی و کێشەیان لەسەر نەمێنێت.
لەسەر پێشنیاری کۆمیتەی پاراستنی مافی ئاژەڵانی پاژین، کە داوایان کردبوو دەبێ ئەو سەگانە بە شێوازێکی شیاو کۆ بکرێنەوە و نەزۆک بکرێن، شارەوانی بانە بەڵێنی داوە کە بە زووترین کات هەنگاوی جیددی هەڵدێنن بۆ بەرەوپێش بردن و چارەسەری ئەو پرسە.
شایانی باسە کە بە وتەی بەرپرسانی شارەوانی، جێگا و ڕێگا و چەندین کەرەستەی پێویست وەکوو داڕتی بێهۆشی و ماشین و… بۆ ئەو کارە دابین کراوە. لایەنەکانی دیکەش بە تێکڕای دەنگ هاوڕا بوون لەسەر چارەسەری ئەو بابەتە.