لقی پاژین لە ناو کۆڕی ئەندامانی گروپی هەڵپەڕکێی نیشتمان دەست بەکار بوو
لە سەر بانگهێشتی کۆڕی هەڵپەڕکێی نیشتمان ، یەک شەممە شەو ۵ لە سەر ۶ی ڕەشەمە ژومارەیەکی زۆر لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزەرانی ژینگەی بانە” پاژین” سەردانی شوێنی مەشق و ڕاهێنانی ئەو ناوەندەیان کرد.
سەرەتا کاک سەید ئەحمەد تەوەکوولی بەر پرسی کۆڕی هەڵپەڕکێی نیشتمان، وێڕای بەخێر هاتنی ئەندامانی ئەنجومەنی پاژین، وتەیەکی بەنرخی سەبارەت بە کار و چالاکیەکانی پاژین پێشکەش کرد و چاودێری و پاراستنی ژینگەی وەکو ئەرکی هەموان ناوزەد کرد، کاک سەید ئەحمەد وتیان کە ئێمە وەک کۆڕی هەڵپەڕکێی نیشتمان ئامادەگی ئەوەمان هەیە کە بەشێکی زۆر لە ئەندامانمان ببنە ئەندامی پاژین و وەک ئەرکێکی پیرۆز چاوی لێ ئەکەین.
بە دوای وتەکانی کاک سەید ئەحمەد ، ڕەحمان سولەیمانی ئەندامی پاژین،وێرای دەستخۆشی لە بەڕێوەبەران و ئەندامانی کۆڕی هەڵپەڕکێی نیشتمان، وتیان کە هەر کات وشەی نیشتمان دەبیستین ، پۆلێک گەنج و لاوی بە هەست و بە توانا دێتە بەر چاومان کە شانازی و میداڵی قارەمانیان بۆ شار و بۆ گەڵێک خوڵقاندووە.
ڕەحمان سولەیمانی وتی کە ئێوە نمونەی ئەخلاق و کردەوەی جوانن و پیرو جوان، لاو و بە ساڵا چوو ، ئێوە وەک پێوانەی کردەوەی باش پێناسە دەکەن.
سەبارەت بە پەیوەست بوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆڕی هەڵپەڕکێ وتیان کە ، ئاوەڕوونکەکانی پاژین ڕوو لە زیاد بونە و ئەوەش بۆ پاژین جێی فەخر و شانازیە کە کەسانی خۆشناو و بە هەست دێنە ناو کار و چالاکیەکانی پاژینەوە.
هەروەها وتیان کە کۆڵەکەیەکی بە هێز و ڕەنگین بە کۆڵەکەکانی پاژین زیاد دەبێت و ئەوەش دەبێتە هۆی دڵگەرمی زیاتری ئێمەی پاژین.
لە کۆتایی دا ڕۆژ ژمێرێکی ژینگەیی پێشکەش بە کۆڕی هەڵپەڕکێی نیشتمان کرا و هەر وەها دەیان بەرگەی ئەندامیەتی درایە دەستی بەر پرسی کۆڕی هەڵپەڕکێ تا ئەندامان پڕی بکەنەوە و بە فەرمی ببنە ئەندامی پاژین.