شێعرێک لە سەر سمۆرە
سمۆرەی دارستانم وەرزێری بێ وەستانم
هەر چەند بێ هۆش وبیرم بۆ دارستانم ژیرم
ئەو بەڕوەی لێم ون ئەبێ دەهۆنی چرپن ئەبێ
لە دوایی ئەبێ بە دار بۆ خزمەتی کوردەوار
مەمکوژە ڕاوچی سەرزل لە کوێم بووە گۆشت و پل.!
بۆ تۆزێ گۆشتی تاڵم مەڕوخێنە ناو ماڵم.!
کاتت مەکوژە بۆ ڕاوم گەر تێر بڕوانیە چاوم
دڵت نایا بمگری پێست و ورگم هەڵدڕی.!
بڕۆ ئیش بکە نەک ڕاو مەگرە سمۆرەی داماو،
بەرزە ڕەوشتت ئەکا زیاتر گۆشتت بۆ ئەکا
نە داری جوان کون ئەکەی نە ویژدانت ون ئەکەی
گیانیش لە من ناستێنی دارستان نا شێوێنی.!
دارستان موڵکی گەلە مەیکە وێران و لەلە.
(محەممەد ڕەمەزانی #چیا)
تێبینی: پل=کوتە گۆشتی نەرم – لەلە=داتاشینی دار_بریندارکردنی دار – دەهۆن=دەوەن