پیام پاژین به مناسبت روز جهانی محیط زیست
پەیامی پیرۆزبایی ڕۆژی جیھانیی ژینگە
پارێزگاری لە ژینگە واتە گەشەپێدانی پاراستن و بەرگریی جێگیر لە سیستەمی ژینگە و بە خاوێنی ھێشتنەوەی شوێنی ژیان و پارێزگاری کردن لە زەوی. ئەم بابەتە لە شتێکی ئاساییەوە ھاتۆتە دەرەوە و بۆتە بابەتێکی نێودەوڵەتی بەو ھۆکارەی کە خاوەنی زەوی گشت مرۆڤەکانی دنیان.پاراستنی ژینگە و پاراستنی ئێکۆسیستم و تەندرووستیی ھەمووان ئەرکی سەرشانی تەواو دانیشتوانی سەر زەویە. زەوی تەنیا شوێنی ھاوبەشی تەواو گەلانی جیھانە.
بە مەبەستی پاراستنی ژینگە و بۆ تەندرووستیی ھەمووان و هەروەها ڕێگە گرتن لە, لەناوچوونی ئێکۆسیستم وەک ھێمایێک ڕۆژی ۱۵ی جۆزەردانی ھەر ساڵێک بە ڕۆژی جیھانیی ژینگە ناسراوە. دروشمی ئەمساڵی ژینگە پارێزان ئەمەیە: “حەوت ملیار خەون لەسەر یەک هەسارەدا، با وریابین لە بەکارهێناندا”
لەم ڕۆژەدا تەواو دنیا بە یادکردنەوەی جۆراوجۆر و بە ھاوبەشی وەبیر خەڵک دێننەوە تا بۆ پاراستنی ژینگە دەبێ یەکدەست و یەکدەنگ ھەوڵی تەواو بدەین و نەھێڵین ژینگە و ئێکۆسیستم بەدەس خۆمان لەناو بچێت.
ڕۆژی جیھانیی ژینگە واتە ڕۆژی وەبیرھێنانەوەی پاراستنی ژینگە و جێی خۆیەتی ئەم ڕۆژە لە تەواو دۆستانی ژینگە پارێز پیرۆزبایی بکرێت. بەداخەوە ڕۆژانە پێشێلکاریی و مەترسیەکان لەسەر ژینگە ڕوو لە زیاد بوونە و زۆر یەک لە دامەزراوەکان لە ئاست ئەوەدا هەڵوێستی پێویست نانوێنن هەر بۆیە ئەوە ئەرکی ھەموومانە بە بەشداریێکی جەماوەری پاراستنی ژینگە بخەینە پێشەوەی کارەکانمانەوە.
مەهدی سەربازی
ئەنجومەنی پارێزەرانی ژینگەی بانە (پاژین)