انجمن مردمی پاریزه رانی ژینگه بانه ( پاژین ) تاسیس 1378

پاژین

انجمن مردمی پاریزه رانی ژینگه بانه ( پاژین ) تاسیس 1378

آیا می دانستید : وجود پوشش گیاهی به منزله ذخیره آب در کوهستان و منابع زیرزمینی منطقه بوده و از این طریق طبیعتی با نشاط و زیبا خواهیم داشت.

چه ن تیبینیه ک له سه ر ” آرببا لند” ( نوسه ران : ناجی فدایی – مه هدی سه ربازی )

چەن تێبینیێک لەسەر “ئاربەبالەند”

       ھەوڵدان بۆ پاراستنی ژینگە لە چوارچێوەی دانانی مەودا و مەرجی تایبەت لە گشت بوارەکانی سەرمایەگوزاری و کاردا کە ببێتە ھۆیکارێک بۆ ڕێگری لە لەناوچوونی ژینگە بە ھۆی مەبەستی تاکەکەسی و تاکەلایەنی یەکێکە لە ئەرکەکان کە دەبێ ھەر لایەنێک کە بابەتی ژینگە لای گرینگە، ڕۆڵی خۆت تیا بگێڕێ. ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە ئەوەیە کە کۆمەڵگای مەدەنی و بەتایبەت ڕێخراوە مەدەنیەکان کە لەو چوارچێوەدا کار دەکەن پێویستە ڕۆڵی کاریگەر لە ھەر بابەتێکی پەیوەندیدار بە ژینگەوە بگێڕن و نابێ بێدەنگی لەسەر ئەم بابەتانە بکرێ. ئەڵبەت ئەمە بە تەنیا ئەرکی یەک ڕێخراوەی تایبەت نییە بەڵکوو دەبێ کۆمەڵگای مەدەنیش ھەر بەو شێوە بایەخ بە وەھا ھەڵوێستگەلێک بدەن و پشتگیریی بکەن کە نەھێڵین بە دەستی خۆمان ژینگە لە ناو بەرین.

       ماوەیێک لەمەوبەر ھەواڵی کردنەوەی پڕؤژەیێکی گەورەی گەشتیاری بە ناوی “ئاربەبالەند” بە ھاوکاریی شارەداری و کەرتی تایبەت دڵی ژمارەیێکی زۆر لە ھاوشاریانی ئێمەی خۆش کرد، بەو ھۆکارەی کە چیی تر خەڵکی شارەکان و وڵاتانی دیکە، شارەکەمان بە تەنیا شارێکی بازەرگانی ناناسن و لەمە بە دوا بانەش دەبێتە شارێک کە گەشتیارانی زیاتر ڕووی تێدەکەن و ئەوەش کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئابووری شاری ئێمە دەبێت.

      ئەم ھەواڵە جێی بایەخ و گەلێک خۆشحاڵیە بە مەرجێک بە بەدەسھێنانی ئەو سەرکەوتنە نەبێتە ھۆی ڕووخان لە بوارەکانی ڕیشەیی وەک ژینگە و کارەساتی ژینگەیی لێنەکەوێتەوە. بە سەرنجدان بەوەی کە دیمەنە جوانەکانی ژینگەی سەرمایەیێکی گشتین کە بە ھەموو کەس و لایەنێک پەیوەندیی ھەیە و تەنانەت سازکردنی پڕۆژەی ئاربەبالەند بگرە خواستی لایەنێک یا تاکە کەسێکش بێت، ئەویش لە شوێنێک کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ڕۆحی جوانیی ژینگەوە ھەیە بە ھۆکاری ئەوەی کە وەھا شوێنێک خەزینەیێکی گشتیە دەبێ تێبینیەکانی ژێرەوە ڕچاو بکرێت:

۱- دەبێ مەودایێک لەسەر گەورەیی ڕووبەر(مەساحەت)ی ناوچەکە دابنرێت کە لە داھاتوودا کەسانێک نەتوانن بە ھەر ھۆکارێک یا بەھانەیێک بناری ئاربەبا بە ئارەزووی خۆیان تێک بدەن و ڕێ لە لەناوچوونی بەو شێوە بگیردرێ

۲- بۆ ئەوەی خەسارگەلێک کە ئەگەری ڕوودانی ھەیە لە باری ژینگەییەوە ڕێگریی لێبکردرێ چ ڕێکارێک بۆ کەمکردنەوە یا لانی کەم قەرەبوو کردنەوەی ئەو خەسارانە بیدراوە.

۳- بۆ ئەوەی کارناسانی ژینگەیی بتوانن بە ئاسانی و بە زانیاریی تەواوەوە ڕا و بۆچوونەکانی خۆیان لەسەر ئەم بابەتە دەربڕن چ ئاسانکاریێک کراوە.

۴- خەڵک مافی ئەوەیان ھەیە بۆیان بە وردی ھەلومەرجی سەرمایەگوزاریەکان کە بریتیە لە چۆنیەتی خاوەنداریەتیی ئەوێ و ھەروەھا چۆنیەتی دابەشکردنی داھاتەکەیەتی بۆیان ڕوون و ئاشکرا بێت.

۵- بە سەرنجدان بەوەی ئەو شوێنە شوێنێکی گشتیە و موڵکی ھەمووانە و ھەروەھا بۆ ئەوەی گشت خەڵک بتوانن سوود لە بەرھەمی ئەو شوێنە وەربگرن چ ڕێکارێک بینراوەتەوە و چ ئاسانکاریێک بۆ کەڵک وەرگرتنی تەواو چینە جیاوازەکان بەتایبەتی دانیشتوانی بانە لەو شوێنە کراوە خۆی جێی پرسیارێکی گەورەیە کە دەبێ بەرپرسانی پڕۆژەکە بەرنامەیان بۆ ئەم بەشەش ھەبێت.

زیاکراو: مەبەست لە نووسینی ئەم نووسراوە ئەوە نەبووە کە ئێمە دژایەتیی خاوەن سەرمایەکان بکەین کە بێن لە بانە سەرمایەگووزاری بکەن بەڵکوو ئێمە پشتگیریی ھەر جۆرە کارێکی وا دەکەین کە ببێتە مایەی ئاوەدانی شارەکەمان. ئێمە وەک کەسانێک کە خۆمان بە ژینگە پارێز و خەڵکی مەدەنی دەناسێنین ئەوەمان بە ئەرک لەسەر شانی خۆمان زانی کە جەخت لەسەر چەندین بابەت وەک باسمان کردووە وەکەین کە بەرپرسان و دیکەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی “ئاربەبالەند” گرینگی بەمانەش بدەن تا پڕۆژەکە لە ھەموو ڕووانگەیێکەوە سەرکەوتوو بێت.

نوسەران: ناجی فدایی مەھدی سەربازی

 توجه : انتشار نوشته کاربران به منزله نظر و موضع رسمی انجمن پاژین نمی باشد ، شهروندان ، اعضای پاژین  و یا افراد دیگر می توانند با ارسال کامنت ، نوشته را تایید ، رد و یا نقد نمایند./ انجمن پاژین

نوشته شده توسط چهارشنبه ۳۰ اردیبهشت ۱۳۹۴ 3,177 بازدید
دسته : فلسفی و اجتماعی
https://www.pajinngo.ir/?p=3855