انجمن مردمی پاریزه رانی ژینگه بانه ( پاژین ) تاسیس 1378

پاژین

انجمن مردمی پاریزه رانی ژینگه بانه ( پاژین ) تاسیس 1378

آیا می دانستید : وجود پوشش گیاهی به منزله ذخیره آب در کوهستان و منابع زیرزمینی منطقه بوده و از این طریق طبیعتی با نشاط و زیبا خواهیم داشت.

کوتر و راوچی

کۆتر و ڕاوچی

ڕۆژێک،دەروێش ئەوڕەحمان

ساچمەزەنی کردە شان..

کوولەکەی بەستە کەمەر

بۆ ڕاو لە دێ هاتە دەر

ساچمەزەنی گرتە مشت

دووسێ نانی بەستە پشت

تاوێ سەرشاخ ، تاوێ شیو

تاوێ چاڵایی نەدیو

تاوێ لەدەشت،تاوێ دۆڵ

ئەسووڕاوە ، چۆڵ بە چۆڵ

ڕوانی دارێ بەرزو جوان

سەوز و گەش و گەڵاپان

باڵا بەرزو مل قەوی

بووبوو بە چەتری زەوی

کاتیش کاتی هاوینە

خۆرەتاو ، زۆر بەتینە

ڕاوچی بەبەخت و غەددار

لای دا بۆسێبەری دار

دانیشت وەنەوز ئەی بردۆ

کیسەی لە پشتێن کردۆ

سەبیلێکی لاشکاو

بە بنێشت پینە کراو

سەبیلی بادا تەواو

دەری هێنا ئەستێ و قاو

ویستی کەدای گیرسێنێ

ئارەزووی پێ بشکێنێ

کاتێ ئەستێی دالەبەرد

کۆترێکی دەنووک زەرد

کەوتە خوێندن لەسەر دار

هەروەک بولبولی بەهار

لەگەڵ بێچوەکانی

دەستیان کرد بە گۆرانی

بەدەنگێکی نەرم و نۆڵ

هەموو پێکەوە بەپۆل

ئەیان وت: بژی وڵات

گشت کەس بگا بە ئاوات

کۆتر ئەیوت بە بێچوو

دووبارەی ئەکرد زوو زوو

بڕوانن بۆ ئەم دارە

چ مەڵبەندێ نازدارە

ڕۆڵە یاخوا گشت وڵات

دووربێ لە زوڵم و ئافات

ئەوڕەحمانی خواگرتوو

گوێ ی لە دەنگی کۆتربوو

بێ ئینسافی مل قەوی

سەبیلی نایە زەوی

بەسووک نەوی لە تفەنگ

مشتی لێ گرت بە بێ دەنگ

ڕەحمی نەکرد بەبێچووی

تازە لە هێلکە دەرچووی

تفەنگی هێنایە سەرپێ

تەقانی و کوشتی لەجێ

ساچمە ئەژین بوو لەدار

کۆتری پێکراو،کەوتە خوار

بەزمانی حاڵ،هاتە زمان

وتی:ڕاوچی بێ ئیمان

بۆچی وات کرد،بەحاڵم؟

بۆچی شکانت ، باڵم ؟

بۆچی لە بێچووت بڕیم ؟

بۆچی جەرگت هەڵدڕیم؟

بۆچی لە گیانی شیرین

بێ بەشت کردم لە ژین ؟

وەک تۆ ژینت لاخۆشە

دڵ منیش بۆی پەرۆشە

ئەوا خۆم هیچ ، بێچوەکان

بێ خۆم چی بکەن لە هێلان ؟

لە عومرا زۆر مناڵن

هێشتا بێ پەڕوو باڵن

چۆن بژین ؟ چۆن بمێنن ؟

لە دەوری کێ بخوێنن ؟

ئەبێ چیبێ کوشتنی من ؟!!

وا،لێم بووی بە دووژمن

ئەوگووللەیە تەقانت

بەدڵ منا چەقانت

ئەگەر بتدایێ بە گۆشت

گۆشتی زۆرتر ئەکرد بۆت

بۆهەر کەسێ کە کەسە

یەک تیری تانە بەسە

ئەگەر خاوەن حەیابی

لەدونیا تاکوو مابی

ناچی بە گژ هەژارا

تفەنگ ناخەی بە دارا

مامۆستا قانع

نوشته شده توسط پنجشنبه ۷ اسفند ۱۳۹۳ 5,377 بازدید
دسته : نثر و شعر
https://www.pajinngo.ir/?p=3272