انجمن مردمی پاریزه رانی ژینگه بانه ( پاژین ) تاسیس 1378

پاژین

انجمن مردمی پاریزه رانی ژینگه بانه ( پاژین ) تاسیس 1378

آیا می دانستید : وجود پوشش گیاهی به منزله ذخیره آب در کوهستان و منابع زیرزمینی منطقه بوده و از این طریق طبیعتی با نشاط و زیبا خواهیم داشت.

سیزده بدر روز طبیعت یا آسیب به طبیعت

سیانزەبەدەر ڕۆژی سروشت یا تێکدانی سروشت

سیانزەبەدەر، بە رۆژی سرووشت دەناسرێ و زۆربەی خەڵکی لەو رۆژەدا روو لە دەشت و دەر و کوێستان و سەیرانگاکان ئەکەن، بەڵام رۆژی رێزگرتن لە سرووشت، بووەتە رۆژێک بۆ نیگەرانیی لایەنگرانی ژینگە. ئەوانەی ئەچنە سەیران بەشیکیان زبڵەکانیان لەنێو سرووشتدا بەجێ ئەهیڵن، ئەگەر بەمجۆرە هەڵسوکەوت لەگەڵ ژینگەدا بکەین ئەوا ئەو دەرفەتەش لە دەست ئەچێت، کە رۆژێک لە سرووشتدا بژین. بەداخەوە هەموو ساڵێک لە سیانزەبەدەردا، زۆرترین زیان بە ژینگە دەگات و مەخابن سروشتی مرۆڤەکان وەهایە کە هەمووکات لەسەر بنچینەیەکی ئەخلاقی یاخود ئەقڵێکی ئەخلاقی بڕیارنادات و زۆریان گیرۆدەی تایبەتمەندی جۆراو جۆری خۆویستن وناڕۆشنبیریانەن. با ئەو ڕۆژە لە باتی خواردنی زۆر و مانۆڕ دانی ماشینەکانمان بە سەر سەوزەڵانیەکان و پیس کردنی کانی و ڕووبارەکان و شکاندنەوە و بڕینەوەی لپ و پۆپی دارە و دەوەنەکان بکەینە ڕۆژی پەیمان و سۆزدان بە سروشت کە بتوانین بەردەوام لە سروشت قازانج ببینین.
سەیران کردنێک کە ببێتە هۆی ئەوەی ژینگەی سەیرانگا و سروشت پیس بکرێت وەک شێرپەنجەیەک وایە کە دەکەوێتە جەستەی مرۆڤەوە، سەیران کردن ئەو کات مانای خۆشەویستی ڕاستەقینەی ئێمە بۆ سروشت نیشان ئەدات کە دوای سەیران و ڕابواردن لە ناو سروشتدا لە دوای خۆمان ژێنگەیەکی خاوێنمان جێ هێشتبێ.
پیس کردنی سەیرانگا و ژینگە پەیوەندی بە نزمی ئاستی رۆشنبیری و بەرپرسیارێتی ئەو کەسانەوەیە کە شت فڕێ ئەدەن. هەر بنەماڵەیەک دوای سەیران ئاستی ڕۆشنبیری و بەرپرسیارێتی خۆیان بە خاوێن جێ هێشتنی شوێنی سەیرانەکەیان دیارە.
مرۆڤ هۆکاری سەرەکی و بنچینەیە بۆ پیسبوونی ژینگە، گەورەبوونی پیشەسازی و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و خراپ بەکارهێنانی مادەکان ئەبنە هۆی پیسبونی ژینگە، کە هەمویان پەیوەندیان بە مرۆڤەوە هەیە. مرۆڤ یەکەم بەرپرسیارە لە ئاست خاوێن ڕاگرتنی ژینگە کاتێک مرۆڤ دەچێتە بۆ ناو سەیرانگا بە برنی ماشین و کەل و پەلی سەیران بەشێکی زۆری تەکنەلۆژیا لەگەڵ خۆی دەبات، خراپ بە کار هێنانیان کاریگەری نەرێنی و درێژ مەودا بە جێ دێڵێت بە سەر ژینگە و سەیرانگاوە.
جێ هێشتنی پاشماوەی خۆراک و زبڵ لە سەیرانگاکان جیا لەوەی ئاستی کەم بوونی ڕۆشنبیری و بەرپرسیارێتی ئێمە نیشان ئەدات، زۆر کات ئەو پاشماوەیەی کە زۆر سادە و ساکار لێ دەڕوانیت و بێ باکانە فڕێی ئەدەیتە نێو جوانییەکانی سروشت، تەمەنێکی دیاریکراویان دەوێت بۆ شی بوونەوە و لە ناوچوون، کە کەمترین ماوەی بۆ زبڵێکی سادە وەک فیلتەری جگەرە پێویستی بە ۲ ساڵ هەیە بۆ شی بوونەوە و لە ناوچوون. و یەک بتڵی شوشە دەتوانێت تەنانەت بۆ یەک ملیۆن ساڵ لە سروشت دا بمێنێتەوە. پاشماوەی خۆراک یان پێداویستییەکانت، بە کەم تەماشا مەکە، هەوڵ بدە بیانخەیتە شوێن و جێگەی گونجاو تا لایەنی بەرپرس خەمی لە ناوبردن یان دووبارە بە کارهێنانەوەی بخۆن و لەگەڵ خۆت بیناهێنەوە بۆ ماڵەوە. لەگەڵ زبڵەکانی ماڵەوە تووڕیان بدە.
سروشت پارێزی ئەرکە بۆ هەموان
هەریەک گەزێ خاک خاوێنکەینەوە
و لە گەڵ سروشتدا ئاشت ببینەوە
تۆ ئەرکی خۆت و منیش ئەرکی خۆم
نەک تۆ جێی بێڵی و منیش هەر بڕۆم. کەس ناڵێت سەیران نەکەین با سەیران بکەین بەڵام مەعقول نییە کە سەیرانگای پیس دوای خۆمان بە جێ بهێڵین.

خەلیل خاوەریان
Xelil Xaweryan

نوشته شده توسط پنجشنبه ۱۲ فروردین ۱۳۹۵ 2,676 بازدید
دسته : فلسفی و اجتماعی
https://www.pajinngo.ir/?p=5634