پیشنیاری ئهنجوومهنی پاریزهرانی ژینگهی بانە (پاژین) بو ماموستایانی ئایینی
وەک دیارە خوای گەورە چارەنووسی مرۆڤی وا داڕشتووە کە لە داوێنی ژینگەدا ژیان بباتە سەر. ھەروەھا یەکێک لە وەسفە جوانەکانی خواوەند «حفیظ»ـە، وەک لە واتای ئەو وشەدا دەردەکەوێ تەواو نێعمەتەکانی خواوەند پارێزراوە و پێویستە مرۆڤیش وەک خەلیفەی خوا لە زەویدا خۆی بەو وەسفەوە جوان بکات.
ھەروەھا ژمارەیێک لە ئایەتەکانی قورئانی پیرۆز و فەرموودەکانی پێغەمبەری خوا (د.خ.) ھەر بەوشێوە وەک خۆشتان شارەزاترن باس لە گرینگیی پاراستنی ژینگە دەکەن. ھاتنی وەرزی ھاوین کە دەبێتە ھۆی گەرمیی کەش و ھەوا، زۆر بوونی پووش و پەڵاش لە ناوچەکە و زۆر کێشەی ژینگەیی کە لەم وەرزەدا بە ھۆی ئاگادار نەبوونی جەماوەر و ئاگر کەوتنەوەکان لە دارستانەکان و گوێنەدان بە ژینگە لە لایەن ھاوڵاتیانەوە ئەگەری ڕوودانی ھەیە کە دواتر ئەوەش دەبێتە ھۆی زیانێکی زۆری ژینگەیی و لەناوچوونی بەشێکی زۆر لە ئاژەڵان.
ھەر بۆیە بەم بۆنەوە ئێمە لە بەڕێزتان داواکارین وەک ئەرکێکی ئایینی و ئەخلاقی بە ئاگادارکردنەوەی خەڵک لە «وتاری ڕۆژی ھەینی»ـدا ھاوکاریمان بکەن بۆ ئەوەی ھەموو دانیشتوانی ناوچەکە بە دەنگمانەوە بێن لەم ئەرکە پیرۆزەدا تا ژینگەی دەوروبەرمان سڵامەت بێت و کارێک نەکەین بە دەس خۆمان نێعمەتەکانی خواوەند لەناو بەرین.